هەواڵ- تەندروستی

له‌ رێی كۆمه‌وه‌ پشكنینی كۆرۆنا ده‌كرێت

28/01/2021

1580 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

له‌ چین، تیمه‌ پزیشكییه‌كان له‌ رێی كۆمه‌وه‌ پشكنینی كۆرۆنا بۆ دانیشتوانی شاری پەکین ده‌كه‌ن و شاره‌زایانیش ده‌ڵێن، ئه‌و جۆره‌ پشكنینه‌ زۆر وردتر و راستره‌ له‌ پشكنین له‌ رێی ده‌م و لوته‌وه‌.
پزیشکەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، چوكڵه‌یه‌كی سه‌ر به‌ لۆكه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینه‌كه‌ پێویسته‌ سێ تا پێنج سانتیمه‌تر بخرێته‌ كۆمه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی 10 چركه‌ سوڕی پێ بدرێت، دوای وه‌رگرتنی نموونه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ نمونه‌ هه‌ڵگره‌كه‌ ده‌خرێته‌ ناو سه‌به‌ته‌ی فڕێدانه‌وه‌ و هه‌موو پرۆسه‌كه‌ ره‌نگه‌ 10 چركه‌یه‌كی پێویست بێت و به‌راورد به‌ رێگه‌كانی دیكه‌ زۆر خێرایه‌.
ئه‌و رێگه‌ نوێیه‌ی له‌ چین گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ ئاشكراكردنی حاڵه‌تی توشبون به‌ كۆرۆنا، پشت به‌ وه‌رگرتنی نمونه‌ی ترشی ناوكی كه‌سه‌كه‌ ده‌به‌ستێت و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت به‌ وردی ده‌ستنیشانی حاڵه‌ته‌كه‌ی بكرێت.
به‌رپرسانی  پەکین ده‌ڵێن: له‌ 17ی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ سێ ناوچه‌ی شاره‌كه‌ توانیویانه پشكنین بۆ‌ 3 ملیۆن كه‌س له‌ دانیشتوانی په‌كین، بكه‌ن وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زنجیره‌ نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا.
شاره‌زایه‌كی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كانی چین، ئاشكرایكردوه‌، ئه‌وان ئه‌و رێگه‌یه‌یان له‌ پاره‌وه‌ گرتوه‌ته‌ به‌ر، به‌ڵام زیاتر له‌ شوێنه‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردندا كاریان پێكردوه‌، چونكه‌ به‌ گشتیی خه‌ڵك پێی بێزار ده‌بو.
پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی یۆوهان له‌ په‌كینی پایته‌خت، "لی تۆنگزینگ" به‌ كه‌ناڵی ره‌سمیی چین " CCTV"ی راگه‌یاندووه‌، شوێنه‌واری به‌ركه‌وتن و تووشوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پاشماوه‌ی مرۆڤ و زیاتر له‌ رێڕه‌وی ده‌رچه‌ی كۆمدا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌راورد به‌ رێڕه‌وه‌كانی هه‌ناسه‌دان و ده‌م.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations