هەواڵ- ڕاپۆرت

ناشاد بۆچی تابلۆکانی خۆی دەسوتاند؟

پێش 2 هەفتە

91 جار خوێندراوەتەوە


ناشاد بۆچی تابلۆکانی خۆی دەسوتاند؟
لە کەلاوەدا دەژیا و جگە لە وێنەکانی خاوەنی هیچ شتێکی دیکە نەبوو 
کۆتاییەکانی تەمەنی لە خەڵوەتگەی پیریدا بەسەر برد

محەمەد حەسەن، ناسراو بە ناشاد لە ساڵی 1954 لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لە دایکبووە شێوەکارە نزیکەی 50 ساڵە سه‌رقاڵی وێنەکێشانەو لە ساڵانی حەفتاکانەوە چەندان کاری هونەری گەورەو سەرنجڕاکێشی ئەنجامداوەو زۆرێک لەدیوارەکانی بەوێنەی سەرجڕاکێش ڕازاندۆتەوه. ساڵی 1978 پیشانگەی لەنۆرمبێرگ- ئەلمانیا کردۆتەوه، دواتریش لە تاران و چەندین شاری ئەوروپا پێشانگای هونەری کردۆتەوە دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان و لە ساڵانی 2002 تا 2006 بەبەردەوامی زۆربەی شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی بە وێنەی هونەری ڕازاندۆتەوە. ماوەیەکی زۆر لە بەردەرکی  سەرایی شاری سلێمانی وێنەی هاوڵاتیانی دەکێشا و بژێوی ژیانی لەسەر ئەوکارە دابین دەکرد ئەو شێوەکارە لە ژیانیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نەهامەتی و ناخۆشی و دەربەدەری بووەتەوە، بۆیە نازناوی “ناشاد”ی لەخۆی ناوە، تاوەکو ناوەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەو ئازارەی کە چەشتویەتی ئەو بەردەوام ژیانی لە نیو کەلاوەکان و ماڵی چۆڵدا بە تەنها  بەسەر دەبرد جاری واهەبووە بۆ ئەوەی لەسەرماندا ڕەقنەبێتەوە، تابلۆکانی خۆی سوتاندووە  ناشاد، بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەتەنها ژیاوە و خۆی دەڵێت کە  حەزم لە تەنهاییە و من بە تەنهایی ڕاهاتووم، ئەگەر تەنهایی نەبوایە نەمەتوانی وێنە بکێشم، بۆیە تەنهایی ئیلهامی هونەرەکەمە.
ناشادی شێوەکار ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی قورگی هەبوو، ئەو نەخۆشیەش کاریگەری کردبووە سەر هەناسەدان و قسەکردنی، لەگەڵ ئەو نەخۆشیەشدا نەخۆشی دڵ-یش بەرۆکی ناشادی گرتبوو لە دواین ساتەکانی تەمەنیدا برابووە خەڵوەتگەی پیری و لەوێ خزمەت دەکرا دواجاریش لە تەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەکانیەوە کۆچی دواییکرد