هەواڵ- بیروڕا
23 ساڵ پێش ئێستا ھەیکەل چی بە مام جەلال گوت؟
لە میسر دڵە زیندووهکەی عهرەب، سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە ژمارەیەك لە نێودارەکانی سیاسی و ئەدەبی و هونەری ئەم وڵاتە، بە رەچەڵەك كوردن، رهنگه ههر بهم هۆیهشهوه بێت پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و میسر بەهێز بووە تا ئەو رادەیەی کە یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە میسر چاپ و بڵاوكراوەتەوە و یەکەم رادیۆی کوردی لەوێ پهخشکرا و یەکەم دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت ھەرلەوێ پێشوازی لە سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان کردووە.
لە ئایاری ساڵی 1997 لەسەر بانگهێشتی حکومەتی میسر، شاندێکی باڵای یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی هەڤاڵ مام جەلال و بە ئەندامێتی ھەریەک لە (دکتۆر فوئاد مەعسووم، عەدنان موفتی، مستەفا سەید قادر و بەندە) سەردانی قاهیرەی کرد، سهردانهکه چەند رۆژێکی خایاند، بێجگە لە کۆبوونەوە فەرمی و باڵاکان، بە حوکمی قورسایی مەسەلەی کوردستان و ناو و ناوبانگی هەڤال مام جەلال، زۆر لە دەزگاکانی دەوڵەت و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو وڵاتە شاندەکەیان بینی، لەوانە: شێخی ئەزهەر و محەممەد حەسەنەین هەیكەل و ئەحمەد حمرووش و نەبیل زەکی و دکتۆر رەفعەت سەعید و زەکریا محێدین و چهند کهسایهتییهکی دیکەش وەکو ئەحمەد حەبووبی و بابەکر پشدەری کە ئەوکات سەرۆكی رێكخراوی كاری عەرەبی بوو سەردانی مام جەلال و شاندەکەی كرد. هەر لەو سەردانەدا، بڕیاری كردنەوەی مەكتەبی پەیوەندییهكانی یەكێتی لە قاهیرە درا و كاك عەدنان موفتی دەستنیشانكرا و بووە یەكەم نوێنهری باڵای یەكێتی لە قاهیرە، كە بە حەق، خەیرلئیختیار بوو، دواتریش جێدەستی دیاربوو لەماوەی نوێنەرایەتیدا لە ئەوێ.
هەیكەل، نیوەڕۆخوانێکی بۆ مام و شاندەکەی لە ماڵی خۆیان لە دەرەوەی قاهیرە سازکرد، باخ و ماڵەکەی زۆر جوان و دانسقە بوو، خۆشی زۆر بە ئەتەکێت و بە بایەخ و میواندۆست بوو، بە قسە و باس و شیکردنەوەکانی مام جەلال دانیشتنەکە زۆر گەرموگوڕ بوو، میوانداریهکەش شاهانە بوو، چەند سەعاتێکی خایاند، مام زیاتر قسەی دەکرد ئەویش تێبینییهکانی خوی دەنووسی، دواجار مام گوتی: پێمانخۆشە ئێمهش گوێ لە ئامۆژگارییەکانی تۆ بگرین، ههیکەل
لە وەڵامدا وتی: ئەستەغفوروڵا خۆت سەیدولعارفینیت، بەڵام دەتوانم چەند تێبینییەک بخەمەڕوو:-
1. پەیوەندی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی عەرەبی باشە و جەنابتان رۆڵی باشتان لەم بابەتە بینیوە، پێویستە بەردەوام گەشە و پەرەیپێبدەن.
2. پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران جائز و پەسندە، بههۆی سنووری هاوبەشی دوورو درێژی نێوانتان، بەڵام دەبێت
تورکیا لەیاد نەکەن، پێویستان بە تورکیا دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئهوروپا، چونکە تورکیا لە لێواری ئهوروپایە و هەوڵ دەدات بچێتە ناو یەکێتی ئهوروپاوە (ئەمە بۆ تورکیای ئەوکاتەبوو).
3. لەم کاتەدا کە خەریکی رووخاندنی (رژێمی سەدام )ن زۆر باسی سیستەمی دیموکراسی مەکەن بۆ عێراق، لەبەر ئەوەی دەوروبەرتان قبووڵیان نییە و لێی دەترسن و دژایەتیتان دەکەن و لهژێرهوه کاری لە دژ دەکەن و ناهێڵن سەربكەوێ، چونکە خۆیان دیموکراسی نیین، زۆر زەحمەتیشە لەم هەلومەرجەدا دەوڵەتێکی دیموکراسی لە جەنگەڵستانێکی وەها دروست ببێت.
4. کارێکی باش دهکهن بایهخ بە پتهوکردنی پەیوەندییهکانتان لەگەڵ میسر وەکو حکومەت و دامودهزگای رۆشنبیری و میدیایی و ئایینی دەدەن بۆ دروستکردنی رای گشتی عەرەبی بۆ مەسەلەی کورد.
بۆچوونەکانی هەیكەل لەو رۆژگارەدا زیاتر بۆ ئاستی دەرەوە بوو، شاندەکە و بەتایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بۆچوونەکانی ههیکهل-یان بەرز نرخاند و بە بایهخەوە وەرگیرا، لەدوای تەواوبونی میواندارییەکە مام دیارییهکی تایبەتی پێشکەشکرد کە لە خوێندنەوەی کتێبی (مدافع ایات اللە) بۆی دەرکەوتبوو.
ئێستا دوای 23 ساڵ و گۆڕانکاری زۆر لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیا ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئاخۆ ئامۆژگارییەکانی ئهو نووسهر و رۆژنامهنووسه نێودارە بۆ ئهمڕۆی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییهکهی ئێستاش ناشێن٠٠٠!؟