هەواڵ- جیهان
هەڵبژاردنی ئەمریکا، بارودۆخی ئێران بە چی دەگەیەنێت؟
کۆباس_لاڤە کوردە
لە دوای هەڵبژاردنەکەی ئەمریکاو دەرچونی جۆ بایدن بۆ ٤٦-ەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە، نرخی تمەنی ئێرانی بەرز بۆتەوە و شارەزایانی سیاسی و ئابوری پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی ئابوری هەمیش لە ڕوە سیاسیەکەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەستەمی دەزانن ئابوری ئێران ببوژێتەوە.
کاوە بەهرامی بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی بۆ دیجیتاڵ میدیای کۆباس وتی:" هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا هیچ گۆڕانکاریەک لە ئابوری ئێران دروست ناکات، چونکە ئەو وڵاتە لە ڕوی ئابوریەوە بە تەواوی داڕوخاوە و ئەستەمە ئابوری ئێران گۆڕانکاریەکی وای بەسەردا بێت ئەو وڵاتە لە قەیران رزگار بکات".
وتیشی : ئێران لە روی پەیوەندی بە وڵاتانی ئەوروپاوە لە ئاستێکی باشدا بوەو هەروەها لەگەڵ ئەمریکاش هەروایە پەیوەندی نەپچڕاوە".
ڕۆژی ٣-١١-٢٠٢٠ سێشەممەی پێشوو، دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەڕێوەچوو، جۆ بایدن کاندیدی پارتی دیموکرات دوای جیاکردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان، 279 دەنگی بەدەستهێناوە و بەوەش بوە ٤٦-ەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.