هەواڵ- کوردستان

پارە بدە و لە زیندان وەرە دەرەوە

06/05/2024

388 جار خوێندراوەتەوە


راپۆرت: هاوار وریا براخاس

لە عێراق پرۆژە یاسایەکی نوێ وەکو شوێنگرەوەی لێبوردنی گشتی کاری بۆ دەکرێت و باس لەوە دەکرێت بەپێی یاساکە ئەوانەی زیندانی کراون و سزاکەیان لە سێ ساڵ کەمترە، دەتوانن لە زیندان بێنە دەرەوە و لە بەرانبەردا رۆژانە بڕە پارەیەک بدەن و ئازادی بە پارە بکڕنەوە.  
لەگەڵ دەرکردنی ئەم یاسایەش سەرنجی زۆر دروستبووە بەڵام باس لەوەدەکرێت دەرکردنی ئەم یاسایە هاوکاری عێراق دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کەوتووەتە سەری لە شوێنی زیندانی کراون و ئەو پێداویستییەکانی رۆژانە بۆیان دابیندەکرێت.
ئیمان عەبدولڕزاق ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کۆباس وتی، پرۆژە یاساکە هاتووەتە لیژنەی یاسایی و گفتوگۆی لەسەر کراوە و چاوەڕوان دەکەین لە داهاتوودا بخرێتە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت. 
باسی لەوەشکرد، بەپێی ئەم پرۆژە یاسایە ئەو زیندانیانە دەتوانن سودمەندبن لێی کە سزای قورسیان نییە و ماوەی سزادانیان لە 3 سێ ساڵ کەمترە و دوای سێ مانگ لە زیندانیکردنیان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ گۆڕینی سزاکەی بە ماددی. 

ئەوەشی وت، لەسەر پارەکە بۆچوونی جیاواز هەیە هەندێک پێیان وایە رۆژانە 10 هەزار دینار بێت و هەندێکی دیکە داوا دەکەن رۆژانە پێنج هەزار دینار دیاری بکرێت، چونکە تاوەکو بڕی پارەکە کەمتر بێت هاوکاری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر زیندانی کراو سودمەند دەبن لێی. 

بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس پرۆژە یاساکە 11 تاوان ناگرێتەوە ئەوانیش (تاوانێک مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی هەبێت، هەڵگرتن و بازرگانیکردن بە چەکی بێدەنگ، گەندەڵیکردن لە داهاتی گشتی، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، ئەوانەی سودمەندبوون لە لێبوردنی گشتی، سپیکردنەوەی پارە، دەستدرێژی سێکسی و نێربازی و زینای مەحرەم، تاوانێک یاسای لەشفرۆشی بیگرێتەوە، هاوکاری زیندانی هەڵاتوو شاردنەوەی تۆمەتبار، بازرگانی بە مرڤ و دزینی ئاسەوار)

یادگار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بۆ کۆباس وتی، پرۆژە یاسای گۆڕینەوەی حوکم لەبەرانبەر پارە هاتووەتەتە لیژنەی یاسایی و گفتوگۆی لەسەر کراوە و لە رووی یاساییەوە هیچ گرفتێکی نییە و پرۆژە یاساکە عێراقی نییە و لە چەند وڵاتێکی دیکەش کاری لەسەر کراوە و ئەم یاساش ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی گەورە زیندانی کراون و ئەوان ناتوانن سزاکانیان بکڕنەوە و سودی ئەم پرۆژە یاسایەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەیە لە سەر چاکسازییەکانی عێراق هەیە کە ژمارەیەکی زۆر راگیراو بونیان هەیە و ئەمەش وایکردووە تاوانباری گەورە و ئەوانەی بە تاوانی  بچوک سزادراون تێکەڵ بکرێن کە ئەوەش دەبێتە کێشە لە داهاتوودا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس ئەو پارەیەی لە سزادراون وەردەگیرێت دەدرێتە چارەسەری ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر و پارەکەش بە یەکجار لەو کەسە وەردەگیرێت کە حوکمەکەی دەکڕێتەوە و دەرکردنی ئەم یاساش وەکو بەدیل دادەنرێت بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی لە عێراق کە کێشە و ناکۆکی لەسەرە و ناتوانرێت لێبوردنی گشتی دەربکرێت.  

لەبارەی ئەوەی یاساکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟ ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کۆباس وتی، ئەو یاسایە کەکاری لەسەر دەکرێت بۆ کڕینەوەی حوکم بە پارە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و بەهۆی ئەوەی پەرلەمانمان نییە ئەگەر دەنگدانی لەسەر بکرێت و لە عێراق ببێتە یاسا لە کوردستان جێبەجێ ناکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations