هەواڵ- کوردستان

عەقید خۆشناو و سەردار ئازاد خۆیان کاندید کردووە و فەرهاد پیرباڵیش ڕەتکراوەتەوە

14/03/2024

418 جار خوێندراوەتەوە


عەقید خۆشناو و  سەردار ئازاد  خۆیان کاندید کردووە و فەرهاد پیرباڵیش ڕەتکراوەتەوە
کاندیدەکان ئەو پارێزەرەشی تێدایە کە بۆ هەموو هەڵبژاردنێک خۆی کاندید دەکات
محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای هەر یەکەیان دەبنە سەرۆکی لیستێک 
چوارەم حزبی ئیسلامیش بۆ ئەم هەڵبژاردنە درووستکراوە
بۆ هەڵبژارادنی پەرلەمانی کوردستان چەندین حزب و هاوپەیمانی پێکهێندراوە لە سنوری بازنەوەی هەولێر 65 کەس وەک کانیدید سەربەخۆ ناویان تۆمارکردووە، کە لە نێویاندا عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەولێر و سەردار ئازاد  کە کاری عەقارات دەکات، بوونیان هەیە و ئەم هەڵبژاردنەش پارێزەر ئومێد پاڵانی وەک هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکە خۆی کاندید کردۆتەوە
هاوکات  د. فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەردانی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبووە،   نەیتوانیوە فۆڕمەکە وەربگرێت و خۆی کاندید بکات.
هەرچی محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برایەتی کە لەماوەی رابردوو ناکۆکیەکی توند کەوتە نێوانیان، هەریەکەیان بە جیا سەرۆکی لیستێکن و محەمەد حاجی مەحمود دەبێتە سەرۆكی "هاوپەیمانی كوردستانی" کە لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێکهاتووە و عەبدوڵا حاجی مەحمودیش دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانێتی (سەردەم) کە لەنێوان پارتی پارێزگاران و پارتی كرێكاران و رەنجدەران و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتدا پێکهێندراوە.
هەرچی حزبە ئیسلامیەکانیشە، پارتێکی نوییان لێ درووست  بووە کە ئەویش (بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی)یە بە سەرۆکایەتی  کامیل حاجی عەلی و بەلیستێکی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی  تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لە هەولێر  65 کاندیدی سەربەخۆ و لە سلێمانی 18 کاندیدی سەربەخۆو و لەدھۆک، 12 کاندیدی سەربەخۆ تۆمارکراون، ئەمە جگە لەوەی  زیاتر لە 35 حزب فۆڕمیان پڕکردوەتەوە

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations