هەواڵ- کوردستان

لە هەرێمى کوردستان سەدان ملیۆن دۆلار بۆ نەشتەرگەری و جوانكاری خەرج دەكرێـت..

06/03/2024

283 جار خوێندراوەتەوە


راپۆرت: هاوار وریا براخاس

هەرێم پڕبووە لە سەنتەرى جوانکارى و پارەى خەیاڵى بۆ نەشتەرگەرى جوانکارى خەرجدەکرێت..



رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كولتووری مەدەنی، ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی لەسەر ڕەوشی كەرتی تەندروستیی لە هەرێمى كوردستان بڵاوکردووەتەوە و بەپێى راپۆرتەکە كۆی گشتیی ئەو پارەیەی ساڵانە هاووڵاتییان دەیدەن بە چارەسەر ‌و نەشتەرگەری و جوانكاری لە دەرەوەی دامەزراوە تەندروستییە حكوومییەكان، یەك ترلیۆن و 29 ملیار دینارە.

لە هەرێمی كوردستاندا 86 سەنتەری پسپۆری تەندروستیی حكوومی هەن، هەر 86 هەزار كەسێك یەك سەنتەری بەردەكەوێت، لەبارەی كلینكە پزیشكییەكانی ئێوارانیشەوە باسی لەوە كردووە، لە هەرێمی كوردستاندا سێ هەزار و 160 كلینكی پزیشكی ئێواران هەن، ئەوانەی لە تایبەتمەندیی سەندیكای پزیشكاندان، هەروەها دوو هەزار و 699 كلینكی پزیشكی ددان هەن، ڕۆژانە لە كوردستان سەرووی 60 هەزار كەس سەردانی ئەو كلینكانە دەكەن كە ساڵانە 216 ملیار دینار لەلایەن خەڵكەوە دەدرێت بە حەقی سەردانی ئەو كلینكانە..


تەنها ئەوەندە نییە لە هەرێمى کوردستان، 241 سەنتەری جوانكاری هەن، 90 دانەیان بە تەنیا لە هەولێرن، زۆرینەی ئەو سەنتەرانە لەلایەن ستافی ئێرانی، توركی، سووری، لوبنانی یان ستافی خەڵكی بەغداوە بەڕێوە دەبرێن، زۆربەی هەرە زۆریشیان پسپۆریان لە بواری جوانكاریدا نییە، هەیانە مامانە و كاری رواندنەوەی قژی سەر دەكات.

بەپێى ئامارەکان، ساڵانە خەڵكی هەرێم زیاتر لە 168 ملیۆن دۆلار لە سەردانی سەنتەرەكانی جوانكاری خەرج دەكەن،  بەشی هەرە زۆری ئەو پارەیە دەچێتە دەرەوەی كوردستان. 


ساڵانێکە خەڵکى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى فراوان رووى کردووەتە نەشتەرگەرى جوانکارى، نەشتەرگەرى لوت یەکێکە لەو جوانکارییانەى زۆرترین خواستى لەسەرە..
بەبڕواى تۆ خەرجکردنى سەدان ملیۆن دۆلار بۆ جوانکارى ئاساییە؟

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations